ئاگرە گەورەکەی نێو کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە هۆنگ کۆنگی چین کۆنترۆڵ کرا. لێکۆڵەران پێیانوایە هۆکارەکە گڕگرتنی ئەو ئەسکەلانە بووە کە بۆ کاری نۆژەنکردنەوە بەکارهاتوون.

رۆژی هەینی 28-11-2025 بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی هۆنگ کۆنگ رایگەیاند، دوای زیاتر لە 40 کاژێر، ئاگرەکە “کوژێندرایەوە” و لەو ماوەیەشدا کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە گیانی لەدەستداوە.

رۆژی چوارشەممە 26-11-2025 ئاگرێکی گەورە لە باڵەخانەکانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (وانگ فوک کۆرت) لە ناوچەی تای پۆ لە هۆنگ کۆنگ کەوتەوە، کە کاری نۆژەنکردنەوەیان تێدا دەکرا. ئاگرەکە بە خێرایی بە حەوت تاوەری کۆمەڵگەکەدا بڵاوبووەوە کە هەر یەکەیان 31 نهۆمە و بە گشتی هەزار و 984 شوقەی تێدایە.

هۆنگ کۆنگ هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری چینە و دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

کریس تانگ، بەرپرسی ئاسایشی هۆنگ کۆنگ رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 128 کەس بەرزبووەتەوە و نزیکەی 200 کەسیش وەک بێسەروشوێن ناویان تۆمارکراوە. ئەمە بە کوشندەترین ئاگرکەوتنەوەی هۆنگ کۆنگ دادەنرێ لە ساڵی 1948ـەوە، کە لە رووداوی ئەو ساڵەدا 135 کەس گیانیان لەدەستدا.

گەڕان بەدوای رزگاربوواندا کۆتاییهاتووە و دەیان بریندار هێشتا لە نەخۆشخانەن کە 11 کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکە و کۆمپانیای جێبەجێکار دەستی پێکردووە، تاوەکو ئێستا 11 کەس دەستگیرکراون.


awfgag
awfgag